59خێزانێن ئاواره ل كهمپا شاريا ڤهگەڕيانه شنگالێ
باسنيوز:
بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 6/6/2023 قۆناغێکی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ سەر ماڵی خۆیان دەستی پێ کرد.
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆک بە (باسنیوز) ڕاگەیاند: 900 خێزانی ئاوارەی شنگال ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵی خۆیان تۆمار کردووە و تا ئێستا 159 خێزان گەڕاونەتەوە شنگال و 29 خێزانیش داواکاریی گەڕانەوەیان هەڵوەشاندووەتەوە. ئاوارەکان ئازادن کە بگەڕێنەوە، یان لەناو کەمپەکاندا بمێننەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئەمڕۆ بە پشتیوانیی ڕێکخراوی LOM لە کەمپی شاریاوە 59 خێزانی ئاوارەی شنگال دەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان. خانووی ئەو خێزانانە لەلایەن ڕێکخراوی LOM چاک کراونەتەوە.
شەمۆ یەکێک لەو ئاوارانەی شنگالە کە ئەمڕۆ لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەی خۆی گەڕایەوە شنگال بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ساڵی 2014 کە تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و ئێمە ئاوارە بووین، ڕوومان لە هەرێمی کوردستان کرد و ماوەی نۆ ساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەخۆی گرتین، ئەمڕۆ گەڕاینەوە شنگال، سوپاسی حکوومەت و هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین و تاکوو دنیا هەبێت ئێمە چاکەی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبیر ناکەین.
جەختیشی کردەوە: ئێمە لە کەمپی شاریا نیشتەجێ بووین، زۆریان هاوکاری کردین، ئێستاش کە کاتی گەڕانەوەمانە بۆ شنگال، داوا دەکەین قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و ڕێگا و ئاو و کارەبا لە شنگال دروست بکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە.
شەریف سلیمان، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ بەرنامەیەکی ڕوون و ئاشکرای بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نییە. ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق هاوکار نییە و هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنەکەی شنگال جێبەجێ نەکراوە، کەچی سەرەڕای ڕەوشی شنگال ئاوارەکان دەگەڕێنەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی