ئازار 28, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ڤيان سلێمان:ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیا كوردستانێ و رۆلێ ئافرەتێ

ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیا كوردستانێ و رۆلێ ئافرەتێ

ڤيان سلێمان
بارودۆخی عێراق و ڕەوشی پێكەوەژیان و مانەوەی ئەم ولاتە بە یەكگرتویی لەدوای چەندین ئەزمونی سەرنەكەوتوو و تاقیكردنەوەی ئەلتەرناتیڤی جۆراوجۆر و هەوڵدان بۆ كپ كردنی هەستی نەتەوەیی كوردستانیان و مانەوەیان لە چوارچێوەی عێراقی عەرەبیدا وەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن و چاوەڕێی دەستی بەزەیی بەغدا كردن ئەمە لە كاتێكدا، كە ئەم دەستە نەك هەر مامەڵەی هاوسەنگی لەگەڵ هەرێم و كوردستانیاندا نەكردوە، بەڵكو لە سەختترین كاتدا پشتی لێكردو سەرچاوەی سەرەكی بژێوی دانیشتوانی بڕا، سەرەڕای ئەمەش هەرێم لە ڕێگەی چەندین وەفدەوە نیازپاكی خۆی پیشانداو هەموو تواناكانی خۆی خستە گەڕ بۆ مانەوەی عێراق بە یەكگرتویی، بەڵام شۆڤینیەكان هیچ باكیان بە هەوڵەكانی هەرێم نەبوو تەنانەت لە لاوازترین بارودۆخیشیدا، كە شكستی سوپاكەی و لە دەستدانی بەشێكی زۆر لە شارەكانی بوو پەنای بردە بەر بڕینی مووچەو بودجەی هەرێمی كوردستان و بێباك بوو لە ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستان و حەوانەوەی سەدان هەزار ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عێراق لە هەرێمی كوردستان.
لە كاتێكدا ئەم ناكۆكیانەش نەبن هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بەبێ هەبوونی هیچ ناكۆكی و توندڕەویەكی نەتەوەیی و ئاینی وەك زەمنێك، كە لە ڕووی جوگرافیەوە جیاوازە لە عێراق و خاوەن زمان و رۆشنبیری و بە گشتی كلتورێكی جیاواز لە ناوچەكانی دیكەی عێراقە، مافی ڕەها و سروشتی خۆیەتی كە داوای جیابونەوە لە عێراق بكات و وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ خۆی ڕابگەیەنێت، لێرەشدا ئەم جیابونەوەیە لە ڕێگەی ریفراندۆمەوە، كە یەكێكە لە گرنگترین میكانیزمەكانی دیاریكردنی چارەنووس و ڕێگایەكی یاسایی و دوور لە توندوتیژیە بۆ بە دەستهێنانی ئەو ئامانجە، هەربۆیە لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بە ڕێبەرایەتی سەرۆك بارزانی لە خۆئامادە كردندایە بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و جیابونەوە لە عێراق .
بۆیە ئەركی هەموو چین و توێژەكانی كوردستانە بە یەكدەنگی و یەكگرتوویی پشتگیری لە سەرۆك بارزانی بكەن بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ئێمەی ئافرەتانی كوردستانیش، كە لە سایەی رژێمی عێراق لەهەر توێژێكی دیكە زیاتر چەوسێنراوینەتەوەو، رژێم هەوڵی داوە كلتوری دواكەوتوی ناوچەكانی دیكەی عێراق تێكەڵ بە كلتوری كوردستان بكات، كە تا ئێستاش باجی ئەم سیاسەتە دەدەین و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چەندین رێگا هەوڵی داوە هەلومەرجی ئافرەت باشتر بكات و دامودەزگای مەدەنی بۆ پاراستنیان دابمەزرێنێت و هەندێك لەو یاسایانەی كە دژی مافەكانی ئافرەت بوون لە سەردەمی رژێمدا كاریان پێدەكرا هەموار بكات، ئەمە وێڕای چەندین ئاستەنگیش، كە بەهۆی مانەوە لە چوارچێوەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان درووست كراون و رێگربوون لە گرتنەبەری هەنگاوی گەورەتر و پێشكەوتنی زیاتر .
بەلەبەرچاوگرتنی ئەم فاكتەرانە هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ زیاتر دەستكراوەیی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجەكانی گشت كوردستانیان بە تایبەت ئافرەتانی كوردستان، چونكە بەدیهاتنی یەكسانی و دەرفەتی یەكسان لەناو سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگەو ڕێزگرتن لە تواناكانی ئافرەت هەرگیز بەدی نایەت لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی دواكەوتوی وەك عێراق، كە تژیە لە هزری پیاوسالاری و كلتوری خێڵەكی و ڕوانگەی مەزهەبی و بەتاڵە لە ئەگەرەكانی پێشكەوتن و بەمەدەنیبون، ئەوەش چاوەڕوان ناكرێ لە داهاتویەكی دووریشدا بارودۆخی عێراق پێشكەوتن بەخۆوە ببینێت، چونكە پایەكانی ئەم دەوڵەتە لەسەر ئەم جۆرە بنەمایانە بونیات نراوە .
هەربۆیە ئافرەتانی كوردستان چاویان لە دەوڵەتێكە، كە لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و سەروەری مرۆڤ بونیات نرابێ بەبێ جیاوازی ڕەگەزی یان هەر جیاوازیەكی دیكە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە دەبێت كە دەوڵەتی كوردستانەو خەون و هیوامان لەسەر بونیات ناوە، پێویستە ئافرەتانی كوردستان وەك پرۆسەیەكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لە ریفراندۆم بڕوانن، وەك تاك بەشداربن لەم پرۆسەیە بە شێوەیەكی بەرفراوان و ئەكتیڤانە وەك رێكخراوەیی لە هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان بە تایبەتی و كۆمەڵگە بە گشتی لە گرنگی بەشداریكردن لەم پرۆسەیە و دەنگدان بە بەڵێ بۆ جیابونەوە لە عێراق و ئەم بەشداریە بە شێوەیەك بێت كە كاریگەری و ڕەنگدانەوەی تەواوی هەبێت لەسەر كۆی پرۆسەكە، بۆ ئەوەی دوای ریفراندۆم ئەجینداو دونیابینی ئافرەتانە كاریگەری خۆی هەبێت و دەوڵەتی چاوەڕوانكراوی كوردستان دەوڵەتێك بێت بۆ كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و شكۆی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت بەبێ هیچ جیاوازیەك .

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi