ژنه‌كا کوردا ئێزدی چیرۆكێن دۆزه‌خێن داعش ڤه‌دگه‌رينت
باسنيوز:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داعشه‌كان و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی فیكریان داعشییه، له تاوانكاریی و هۆڤێنی و داشۆراویی ئه‌خلاقیدا له یه‌ك ئاستن مه‌گه‌ر له دڵڕه‌قیدا نه‌بێت، بۆیه چیرۆكی ئافره‌ته كورده ئێزیدییه‌كانی بنده‌ستیشیان، مه‌گه‌ر له ڕووی ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان له یه‌كێكی دیكه‌یان ئازار و ده‌رده‌سه‌ریی زۆرتری چه‌شتبێت.
چیرۆكی دیلێتی و بنده‌ستیی نێزیكه‌ی نۆ مانگی خاتوو، زه‌ینه‌ب ئیبراهیم موراد هیچی وای له چیرۆكی ئه‌و خوشكه دیله‌كانی دیكه‌ی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش جیاواز نییه، هێنده هه‌یه، ئه‌م خاتوونه، چونكه خوێنده‌وار و عه‌ربیزانیش بووه، وردتر دیقه‌تی له بێڕه‌حمیی داعشه‌كان و بێ ئه‌ده‌بییان داوه، هه‌روه‌ها جیاواز له زۆربه‌ی خوشكه‌كانی دیكه، به‌ڕێكه‌وت چه‌ند نموونه‌یه‌كی له خه‌ڵكانێكی غه‌یره كورد و ئێزدیی بنده‌سه‌ڵاتی داعش بینیوه كه به‌نهێنی هاوكاریی خۆی یان دیل و ڕفێندراوه ئێزدییه‌كانیان كردووه. جیا له‌وه‌ی شانسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه، تا كۆتایی دیلێتییه‌كه‌ی، هه‌ر له‌گه‌ڵ مێرد و هه‌ردوو منداڵه‌كه‌یدا بمێنێته‌وه و به‌ر ئه‌و بازرگانییه هه‌ره نائینسانی و دواكه‌وتووانه‌یه‌ی داعش و داعشییه‌كان نه‌كه‌وێت. ئه‌گه‌رچی تا ئه‌مڕۆش داخ و كه‌سه‌ری هه‌موو دیمه‌ن و ڕووخساری ئه‌و ئافره‌ت و منداڵه ئێزدییانه‌ی له‌به‌رچاوه كه به به‌رچاوییه‌وه داعشه‌كان نه‌ك هه‌ر سووكایه‌تییان پێ كردن و برسی و تینوویان كردن، بگره بر‌دیانن و خوا نه‌بێت كه‌س سه‌روسۆراخیان نازانێت.
كاتێك ویستمان ئه‌م خاتوونه كه خه‌ڵكی گوندی كۆچۆی شه‌هیدكراوه، چیرۆكی ژیانی نۆ مانگ دیلێتیی ده‌ستی داعشمان بۆ باس بكات، هه‌نسكی گریان و حه‌سره‌تی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌ربه‌رچاوییه‌وه شه‌هید كران یان داعشه‌كان بر‌دیانن و نه‌بینراوه، نه‌یده‌توانی هه‌ر ده‌ست به قسان بكات. بۆیه له ته‌ك ڕه‌چاوكردنی باری ده‌روونی و ڕێزگرتنی ئازاره‌كانیدا، تكامان لێ كرد كه ئه‌گه‌ر بتوانێت خۆی كۆ بكاته‌وه و چیرۆكی خۆی و ئەو دیمه‌نانه‌ش كه به چاوی خۆی بینیونی ورده ورده بگێڕێته‌وه تا بتوانین چیرۆكه‌كه‌ی دێكۆمێنێت بكه‌ین و ببێته به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر تاوانكاری و دڕندەیی داعش و داعشییه‌كان و مه‌زڵوومییه‌تی كوردانی ئێزدی به‌تایبه‌تی ئافره‌ت و منداڵانیان.
هه‌رچۆنێك بوو، خاتوو، زه‌ینه‌ب، چه‌ندی له توانایدا بوو، به‌م شێوه‌یه ده‌ستی به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ئه‌ساره‌تی خۆی و خێزانه‌كه‌ی كرد:
سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی كاره‌ساته‌كه 3/8/ 2014، كاتێك بیستمان و بینیمان تیرۆریستانی داعش وا خه‌ریكه ده‌گه‌نه گونده‌كه‌مان، به هه‌ر ترس و له‌رز و چه‌رمه‌سه‌رییه‌ك بوو، له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌م و هه‌ردوو منداڵه‌كه‌مان له كۆچۆ هه‌ڵاتین و گه‌یشتینه نێو شاری شنگال، كاتێك گه‌یشتین چی گه‌یشتین، بینیمان هه‌ر حه‌شاماتی خه‌ڵكه و شار جێ دێڵن و ڕووه و چیا ده‌چن، ئه‌وه‌ی به پێ به چیادا هه‌ڵده‌زنا، ئه‌وه‌ی به ترۆمبێل، به‌ڕاستی دیمه‌نێك بوو هه‌رگیز مرۆڤ ناكارێت وه‌ك خۆی باسی بكات. ناچار ئێمه‌ش له ته‌ك ئه‌و حه‌شاماته‌دا، ڕوومان له چیا كرد. به‌ڵام داخه‌كه‌م پێش ئه‌وه‌ی به‌سه‌ركه‌وین، له لۆفه‌كانی سه‌ره‌تای چیای شنگال، دوو ترۆمبێلی داعش كه دوو پیكابی سپی بوون، گه‌یشتنه سه‌رمان و ڕایانگرتین. له‌گه‌ڵ ڕاگرتنمان ده‌موده‌ست، هه‌موو داعشه‌كان له دوو پیكابه‌كه دابه‌زین و ده‌وره‌یان گرتین. چه‌كیان ڕ‌اكێشا و ده‌ستیان به هاوارهاوارێكی تۆقێنه‌ر كرد. هه‌ر له‌وێ، ئه‌میره‌كه‌یان هاواری كرد، هه‌رچی پاره و زێڕ و مۆبایله‌كانتانه ده‌ری بێنن. داعشه‌كان ده‌ستیان به پشكنینی یه‌ك به‌یه‌كه‌مان كرد كه زیاتر له سه‌د خێزان ده‌بووین و هه‌رچی پاره و شتومه‌كی به‌نرخ و كاغه‌ز و بەڵگەنامە بوو لێیان ستاندین. تا پێیان كرا، له‌و به‌رگه‌رمایه ڕایانگرتین و قسه‌ی ساردوسووكیان پێ گوتین. دواتر پیاوه‌كانیان جیا كرده‌وه، ئێمه‌ی ئافره‌ت و منداڵیش به‌ره‌و ناو شاری شنگال. له‌وێ هه‌رهه‌موومانیان كرده دایه‌ره‌ی نفووسی شنگاله‌وه. باوه‌ڕ بكه‌ن ته‌نیا باسی ئه‌و سێ چوار ڕۆژه‌ی له‌وێ هێشتیانینه‌وه، كتێبێكی ده‌وێت. به‌هه‌رحاڵ، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی بۆردومانی فڕۆكه‌كان بۆ سه‌ر شنگال ده‌ستی پێكرد، ئه‌و سه‌دان خێزانه حاڵێكمان هه‌بوو له‌و بینایه‌یه‌دا، گه‌رمایه‌كی پڕووكێنه‌ر، برسێتی، تینووێتی، ترس و تۆقینیش له‌ولاوه بوه‌ستێت، له هه‌مووشی خراپتر، هه‌ر ڕۆژی یه‌كه‌م ده‌ستیان كرد به جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی پیاوان كه له‌گه‌ڵمان مابوون، له پاڵیشیدا بردنی پۆسته پۆسته‌ی كچه گه‌نجه‌كان و منداڵان.
نازانم ڕۆژی چه‌نده‌م بوو، كاتێكمان زانی وه‌ك دنیامان به‌سه‌ردا بڕووخێ، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی مه‌زن و گرمه‌گرمی فڕۆكه به‌سه‌ر شنگالدا ده‌ستی پێ كرد. ڕاستتان ده‌وێت له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تا زۆر زۆر ترساین، له‌گه‌ڵ ده‌نگی هه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا، خه‌ریك بوو ناوجه‌رگمان ده‌هاته ده‌رێ، به‌ڵام كه زانیمان فڕۆكه‌كان به دیقه‌تێكی زۆره‌وه ته‌نیا بۆمبارانی بنكه و ئۆتۆمبێله‌كانی داعش ده‌كات، نه‌ك هه‌ر ترسمان نه‌ما، بگره وره‌مان به‌رز بووه‌وه، هیوامان بۆ گه‌ڕایه‌وه و وامان لێ هات، ئه‌گه‌ر ساتێك گوێمان له ده‌نگی فڕۆكه‌كان نه‌بووایه بێتاقه‌ت ده‌بووین. پێش ئه‌وه‌ی بۆ سبه‌ی بێن و بمانگوازنه‌وه، ئه‌و ئێواره‌یه شتێكی زۆر دڕندانه‌تان بۆ بگێڕمه‌وه. ئێمه هه‌موومان زۆر برسی و تینوو بووین، هه‌مووان خه‌می منداڵه‌كانمان زۆر زیاتر بوو، به‌ره‌به‌ری ڕۆژئاوا بوون، چاوم لێ بوو، داعشێك له زه‌رفێكدا، كۆمه‌ڵێك له‌ته نان و پارچه سه‌موونی هێنایه حه‌وشه‌كه و فڕێی دایه ته‌نه‌كه‌یه‌كه‌وه. منیش وه‌ك هه‌نگوینم له داردا دۆزیبێته‌وه، ڕامكرد زه‌رفه‌كه‌م ده‌رهێنا و ویستم بچم بیده‌مه هه‌ردوو منداڵه‌كه‌م. كاتێك له‌ناكاو داعشه‌كه ئاوڕی دایه‌وه زه‌رفه‌كه‌ی به‌ده‌ستمه‌وه بینی، باوه‌ڕ بكه‌ن وه‌ك هۆڤی پڕی دایه زه‌رفه‌كه و ده‌ستی به جنێودان و قسه‌ی ناشیرین كرد. چه‌ندی پاڕامه‌وه گوتم بۆ ئه‌و منداڵانه‌یه ئاخر له‌برسان ده‌مرن، نه‌خێر، ئه‌و نائینسانه بێ ویژدانه، نه‌ك نه‌یدامه‌وه بگره ده‌یان قسه‌ی ناشیرینی به ئێزدی و كوردستان دا.
بۆ ڕۆژی دواتر، هێزێكی گه‌وره‌ی داعش هات و هه‌مووانیان سواری ترۆمبێل كرد و كه‌وتینه ڕێ، ئێمه نازانین بۆ كوێمان ده‌به‌ن، وه‌لێ هه‌ر كه كۆیان ده‌كردینه‌وه ئه‌ژنۆمان ده‌شكا و وامان ده‌زانی ده‌مانكوژن. كاتێك گه‌یشتینه شاری ته‌له‌عفه‌ر. له‌وێ دابه‌شیان كردین، هه‌ر ده‌یان خێزانه بۆ بینای قوتابخانه‌یه‌ك، ئێمه به‌ر قوتابخانه‌ی (ئه‌زاهیر) كه‌وتین. له‌وێ هه‌شت ڕۆژ ماینه‌وه، زۆر گه‌رم و پیس، داعشه‌كانیش زۆر بێئه‌خلاق و دڵڕه‌ق بوون، وه‌لێ چونكه ڕۆژی سه‌موونێك و قاپێك شله‌ی فاسۆلیا و كه‌مێك ئاویان ده‌داینێ، زۆر له نفووسه‌كه چاكتر بوو. باوه‌ڕ بكه‌ن ڕۆژێك كاتێك داعشه‌كان به‌شه‌خۆراكی ڕۆژانه‌یان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كردین، هه‌ر هێنده‌ی خوشكێكمان ده‌می سووتا گوتی ئه‌و به‌شه خۆراكه ڕۆژانه‌یه كه‌مه و منداڵه‌كانمان برسییانه، ئه‌و داعشانه ده‌ستیان به لێدان و سووكایه‌تییه‌ك كرد، خۆزگه‌مان به مردن ده‌خوارد. ئه‌ڵبه‌ت مردنی ڕۆژانه ئه‌وه بوو، پۆسته پۆسته داعشه‌كان ده‌هاتن و به‌به‌رچاوی پیاو و باوك و براكانیانه‌وه، كچ و ئافره‌ته گه‌نج و جوانه‌كانیان ده‌برد، زۆریانمان نه‌بینییه‌وه، هه‌ندێكیشیان شه‌وێك دووان ده‌یانبردن و ده‌یانهێنانه‌وه. به‌یانییه‌ك ڕیزه ترۆمبێلێكی گه‌وره‌یان ڕاگرت، سواریان كردین و به‌ره‌و موسڵ كه‌وتینه ڕێ، پاش چه‌ند سه‌عاتێك گه‌یشتینه سجنی بادووش. بادووش چ بادووش! ده‌تگوت هه‌موو خه‌ڵكی شنگال له‌وێن. ئه‌و خه‌ڵگه هه‌ر هه‌مووی له گه‌رما و تینووان و برساندا ناڵه‌ناڵی بوو. بۆ ئێواره‌كه‌ی پاش ئه‌وه‌ی ئیدی خه‌ڵكه‌كه خه‌ریك بوو هه‌مووان په‌كیان بكه‌وێت، هه‌ریه‌كه و سه‌موونێكی كۆن و هێشووییه‌ك ترێیان داینێ. بۆ سبه‌ینێ هاتن و هه‌رچی منداڵه‌كان هه‌یه لێیان جیا كردینه‌وه و گوتیان ده‌یانبه‌ین بۆ ته‌له‌عفه‌ر. باوه‌ڕ بكه‌ن، هاوار و حه‌سره‌تی دایكوبابان ده‌گه‌یشته ئاسمان، زیڕه و گریانی منداڵه‌كانیش به‌ردی ده‌كرد به ئاو، كه‌چی ئه‌و داعشه تاوانبارانه هه‌ر به خه‌یاڵیشیاندا نه‌ده‌هات و منداڵه‌كانیان بردین. دیسان ده‌ڵێم نازانم چۆن باسی حاڵی ئه‌و دایكوباوكانه‌تان بۆ بكه‌م له‌و چه‌ند شه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان بردبووین. پاش چه‌ند ڕۆژێك، هێنده‌مان زانی، به‌یانییه‌ك دیسان منداڵه‌كانیان هێنایه‌وه، سه‌رباری ئه‌و باره ناهه‌مواره، ئه‌و به‌یانییه، هه‌موومان وه‌ك تازه له‌دایكبووبینه‌وه وا بوو. نه‌خێر خۆشییه‌كه‌مان هێنده‌ی نه‌خایاند، فڕۆكه ده‌وروبه‌ری سجنی بادووشی بۆردوومان كرد، ئێمه له دڵی خۆماندا زۆرمان پێخۆش بوو كه داعشییه‌كانی ده‌كوتا، وه‌لێ له‌گه‌ڵ هه‌موو گرمه‌یه‌كیشدا، ناوجه‌رگمان ده‌كه‌وته خواره‌وه و زیڕه‌ی منداڵانمان ده‌گه‌یشته كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك. هه‌رچۆنێك بوو، یه‌ك دوو ڕۆژ به‌و حاڵه بردمانه سه‌ر، به‌یانییه‌كی زوو، پاسی گه‌وره‌یان هێنا و هه‌رهه‌مووانیان سواركردین بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن بۆ كوێمان ده‌به‌ن. كاتێكمان زانی گه‌یشتینه ته‌له‌عفه‌ر. له‌وێ هه‌ر ده‌یان خێزان بۆ نێو قوتابخانه‌یه‌ك. ئێمه له‌گه‌ڵ ده‌یان خێزانی تر، به‌ر قوتابخانه‌یه‌ك كه‌وتین. هێشتا هێنده نه‌خایاند، له‌ول ئێمه‌وه بووه ده‌نگه‌ده‌نگ. ده‌بینین پاسه‌وانێكی داعش په‌لی ئافره‌تێكی گرتووه كه كۆرپه‌كه‌ی به‌باوه‌شه‌وه ده‌یویست بیبات و ئافره‌ته‌ش نه‌ده‌چوو و هاواری ده‌كرد. نه‌خێر كاتێكمان زانی ئه‌میره پیسه‌كه‌یان هات، هاواری كرد گوتی ئه‌وه چییه؟ ئافره‌ته‌ش به گریانه‌وه گوتی: ئه‌وه ده‌یه‌وێت ته‌عه‌دام لێ بكات. كه‌چی ئه‌میره بێ ئه‌خلاقه‌كه بێ سێ و دوو گوتی: ئه‌وه جوندی خه‌لافه‌ته و تۆش كافر، ده‌یه‌وێت بتهێنێت، ئیدی چی تێدایه؟ یه‌ڵا بڕۆ له‌گه‌ڵیدا. ئافره‌ته‌یان به كۆرپه‌كه‌وه برد، هێشتا له قاعه‌كه نه‌ڕۆیشتبوونه ده‌رێ، ئاقره‌ته بوورایه‌وه و كۆرپه‌ی له ده‌ست په‌ڕی. نه‌خێر ئاویان هێنا و ئافره‌ته‌یان هێنایه‌وه هۆش و ئاخری هه‌ر بردیان و تا ئه‌م ساته‌وه‌خته نه‌مبینیوه‌ته‌وه. له‌م ساته‌وه ده‌ركمان كرد كه وه‌زعمان زۆر له شنگال و بادووش خراپتر ده‌بێت. ئه‌و ماوه‌یه‌ی له ته‌له‌عفه‌ر بووین، زۆر وه‌زعمان خراپ بوو، داعشییه‌كانی ئه‌وێ له هه‌مووان بێ ئه‌خلاقتر و دڵڕه‌قتر بوون. ڕۆژانه به‌و هاوینه گه‌رمه، هه‌ر كه‌سه و بتڵێكی بچووك ئاو و سه‌موونێك و چه‌ند كه‌وچكه برنجێكیان پێ ده‌داین. ورده ورده دنیا به‌ره‌و پایز چوو، ئینجا سه‌رما ده‌ستی پێكرد. پاش چوار مانگ، بردیانیم بۆ گۆڕه‌پانی ئۆڵۆمپی له نێو شاری موسڵ. ئه‌و داعشانه‌ی به‌یانیان به بیانووی هێنانی خواردنه‌وه ده‌هاتنه ناومان، ڕۆژانه چه‌ند ئافره‌تێكیان ده‌برد، هه‌یانبوو پاش ڕۆژێك دووان ده‌یانهێنایه‌وه، هه‌یانبوو ڕۆیشت و نه‌مانبینییه‌وه. ڕۆژێك كاتی خواردن دابه‌شكردن، یه‌كێك له داعشه‌كان پڕی دایه منداڵێكی سێ چوار ساڵه‌ی به‌سته‌زمانت كه پارچه‌یه‌ك ته‌خته‌ی كردبووه بووكۆكه و یاریی پێ ده‌كرد، كه‌وته لێدانی منداڵه‌كه و جنێودان و هاواری ده‌كرد ئێوه كافرن و ته‌خته ده‌په‌رستن و شه‌ریك بۆ خوا په‌یدا ده‌كه‌ن! هه‌رچۆنێك به هه‌زار پاڕانه‌وه و لاڵانه‌وه منداڵه‌مان له بنده‌ستی ده‌رهێنا. به‌یانییه‌كی دیكه هاتن، یانزه پیاوی خه‌ڵكی سنوونێیان برد كه چه‌ند پیر و په‌ككه‌وته‌كیان تێدابوو، كاتێك پرسیمان بۆچی ده‌یانبه‌ن، گوتیان ئه‌مانه جاسووسی بۆ پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن. گوتمان جاسووسی چی و چۆن له‌م سجنه‌دا؟ نه‌خێر نه‌یانبیست و بر‌دیانن، ئیدی نه‌هاتنه‌وه.
دوای ماوه‌یه‌ك، دیسان هێنایانینه‌وه بۆ ته‌له‌عفه‌ر و له گه‌ڕه‌كی خه‌زرا له چه‌ند هۆڵ و خانوویه‌كی گه‌وره‌دا سجنیان كردین. ئینجا كچی گه‌نج نه‌ما بیبه‌ن، ده‌ستیان كرد به بردنی منداڵه كوڕه‌كان و به ئاشكرا ده‌یانگوت ده‌یانبه‌ین بۆ مه‌عسكه‌ری ته‌دریب له سووریا و ئه‌مانه ده‌بنه جوندی خه‌لافه‌ت. ئێمه‌شیان ده‌برد بۆ كاری كشتوكاڵ و پیاوه‌كانیشیان ده‌برد بۆ كرێكاری و كه‌ناسیی شه‌قامه‌كان و ئێواره ده‌یانهێنانه‌وه. وا ڕێك كه‌وت، به حوكمی ئه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بیم ده‌زانی، له‌ته‌ك ئه‌و ئافره‌تانه‌ی نه‌خۆش ده‌كه‌وتن یان دووگیان بوون و ده‌كه‌وتنه ڕۆژی خۆیانه‌وه، ده‌یانناردم بۆ نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون له مووسڵ. له‌وێ زۆربه‌ی كارمه‌نده‌كانیش كه ده‌یانزانی ئێزدیین، ده‌یانبووغزاندین و هیچ هاوكارییان نه‌ده‌كردین، وه‌لێ خه‌ڵكێكیش هه‌بوو، یارمه‌تیی ده‌داین. بۆ نموونه هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه، له نه‌خۆشخانه پزیشکێکی لێ بوو، زۆر یارمه‌تیی ده‌داین و زۆر هه‌وڵی ده‌دا هاوكاریی ئێزدییه‌كان بكات. دیسان جارێكیان كاتێك له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی دووگیان چووم بۆ مووسڵ، پاسه‌وانێكیان له‌گه‌ڵ ناردین. هه‌ستم كرد ئه‌م داعشه، له‌وانی دیكه ناچێت و بڕێك ئینسانه‌تی تێدایه. له گه‌ڕانه‌وه‌دا، ویستم بزانم چۆنه كه‌مێك ئه‌خلاق و ئینسانه‌تی تێدایه. كاتێك چیرۆكی خۆی بۆ گێڕامه‌وه هۆكاره‌كه‌م زانی. ده‌رچوو ئه‌م پیاوه سه‌روه‌ختی هاتنی داعش له بادووش سجن بووه، داعش پێی گوتوون: (ئێوه هه‌موو تاوانبارن، یان ده‌بنه داعش یان ده‌تانكوژین).
بە هەرحاڵ، هه‌رچه‌نده ڕۆژانه و بگره هه‌موو سه‌عاتێك بیرمان ده‌كرده‌وه خۆمان ڕزگار كه‌ین، وه‌لێ ڕۆژی 26نیسانی 2015، له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌م بڕیارمان دا، شه‌و ڕاده‌كه‌ین، یان ڕزگارمان ده‌بێت، یان ده‌مرین و له هه‌ردوو حاڵه‌تدا له‌و بنده‌ستی و چه‌رمه‌سه‌رییه قوتار ده‌بین. پاش ئه‌وه‌ی تاریكی داهات یه‌كی منداڵێكمان كرده كۆڵ و ده‌رچووین. بە سه‌لامه‌تی له ته‌له‌عفه‌ر دوور كه‌وتینه‌وه. سێ سه‌عات بوو ده‌ڕۆیشتین، له گونده‌كانی ئه‌وبه‌ر ته‌له‌عفه‌ر كه به‌رەو شنگال ده‌ڕوات، له‌ناكاو پیاوێكمان بینی. زۆر ترساین ئاشكرامان بكات. ناچار ڕاستییه‌كه‌مان پێ گوت. پیاوه‌كه زۆر مه‌رد ده‌رچوو. پێشمان كه‌وت و گوتی دوام كه‌ون و خه‌متان نه‌بێت. به‌و كێوكه‌وله‌یه‌ی نێوان ته‌له‌عفه‌ر و شنگالدا دوای پیاوه كه‌وتین. بووه سه‌عات سێی به‌ره‌به‌یان. ئێمه زۆر ماندوو، منداڵیش له ئێمه خراپتر. پیاوه‌كه ئاوڕی لێ داینه‌وه گوتی: یه‌ك سه‌عاتمان ماوه له مه‌ترسیی داعش ڕزگار بن، تكایه هه‌رچۆنێك بێت خۆ ماندووكه‌ن تا پێش ڕۆهه‌ڵاتن بگه‌ینه جێ. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه ئیدی په‌كمان كه‌وتبوو. ناچار پیاوه مه‌رده‌كه، گوتی ئێره ئه‌گه‌ر نه‌جووڵێن، شوێنێكی ئه‌مینه. لێره بمێننه‌وه و ئیسراحه‌ت بكه‌ن تا شه‌و دێمه‌وه بۆ لاتان. پیاوه ڕۆیشت. هه‌رچه‌ند پیاوه‌كه زۆر مه‌ردانه بوو، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه تا ئێوارێ به‌و كێوه‌وه دڵمان هه‌زار غایله‌ی كرد. نه‌خێر شه‌و داهات و پیاوه نه‌هات ئینجا زۆر ترساین، خودایه خۆشمان ناوێرین به ته‌نێ بڕۆین. ناچار دانیشتین. كاتێك سه‌عات هه‌شت، پیاوه مه‌رده‌كه، ترۆمبێلێكی هێنا و سواری كردین و به‌ره‌و خوار هاتین. بیست ده‌قه‌یه‌ك ڕۆیشتین، ئیدی پیاوه‌كه وه‌ستا و گوتی ئه‌و ڕووناكییانه، هی گوندی حه‌ردان و سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ن، من ئیدی ده‌گه‌ڕێمه‌وه، ئێوه‌ش بڕۆن به‌وریایی ده‌گه‌نه پێشمه‌رگه. ئێمه زۆر سوپاسی ئه‌و پیاوه مه‌رده‌مان كرد و خواحافیزمان لێ كرد و به‌ره‌و ڕووناكیی گڵۆپه‌كان هاتین. كاتێك نێزیك بووینه‌وه، سه‌عات یازده‌ی شه‌و بوو، سه‌گوه‌ڕ ده‌ستی پێ كرد، ترساین، وه‌لێ دیار بوو پێشمه‌رگه به دووربینی شه‌و ته‌ماشامان ده‌كه‌ن و ده‌زانن ئێمه ڕفێندراوی ئێزدیین و هه‌ڵاتووین، بۆیه هێشتا زۆر نێزیك نه‌بووبووینه‌وه، کە پێشمه‌رگه هاواریان كرد وه‌رنه پێشێ و مه‌ترسن، ئێمه پێشمه‌رگه‌ین.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی