کۆشکا سپی: سووریا دڤێت هێرشا کیمیایی ئەنجام بدهت
نوێنەری ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند: هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر خەڵکی سووریا بکرێت، بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە لێی بەرپرسیارە.نیکی هیلی ، لە توویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر جەختی کردووە، کە ئێران و رووسیاش لە هەر هێرشێکی ئەوتۆ بەرپرسیارن ، چونکە پشتگیری ئەسەد دەکەن.
هەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 27-6-2017، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا هەواڵی خۆئامادەکردنی حکومەتی سووریای بۆ هێرشکردن بە چەکی کیمیایی بڵاوکردووەتەوە .
لە راگەیێندراوەکەدا نووسراوە کە ؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو هێرشە کیمیاییە ئاگادارە کە حکومەتی سووریا دەیەوێ بیکات ، هێرشێک کە پێدەچێت خەڵکی مەدەنی و منداڵانی بێتاوانی تێدا قوربانی بێت .
کۆشکی سپی هەر لە بەیاننامەکەیدا هۆشداریی تووند دەداتە حکومەتی سووریا و دەڵێت، ئەمریکا لە سووریایە بۆ لە نێوبردنی داعش، بەڵام ئەگەر ئەسەد کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە رێگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە ئەنجامبدات، ئەوا دەبێت خۆی و سوپاکەشی باجی زۆر قورس بدەن.
حکومەتی سووریا پێشتریش بە هێرشکردنی کیمایی بۆ سەر هاووڵاتیانی سووریی تۆمەتبار کراوە و لە دوایین حاڵەتیشدا رۆژی سێشەممە 4-4-2017 هێرشی کیمیایی کرایە سەر شارۆچکەی خانشیخۆن لە پارێزگای ئێدلبی سووریا، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 400 کەسی دیکە.
دوابەدوای ئەو رووداوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەبەیانی رۆژی هەینی 7-4-2017 بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکی ئەو وڵاتە، 59 مووشەکی تاموهۆکی ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانی شوعەیرات کرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی