ئازار 29, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

لیوا بەهرام: 5% ژئاخا كوردستانێ مايه‌ ژ دەستێ تیرۆرستێن داعشێ بێته‌ ئازادكرن

لیوا بەهرام: 5% ژئاخا كوردستانێ مايه‌ ژ دەستێ تیرۆرستێن داعشێ بێته‌ ئازادكرن  

وشه‌

لیوا بەهرام عەریف یاسین فەرماندەی لیوای 7ی پێڕۆی سۆران لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە دیدارێكی “وشە”دا باس لە بارودۆخی ئێستەی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ دەكات و رای دەگەیەنێت، تەنیا 5%ی خاكی كوردستان لە دەست داعش ماوەتەوە ئازاد بكرێت. 
ئەو فەرماندە سەربازییەی كوردستان رەخنە لە پەكەكە دەگرێت بەوەی رێگری لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال دەكات و لەبارەی حەشدی شەعبییەوەش دەڵێ‌، “شەڕمان پێ‌ دەفرۆشێ‌”.
دەمەوێت لەوە دەست پێ بكەم كە باشیك لە رووی سەربازییەوە تا چەند گرنگە؟ 
شارۆكەی باشیك یەكێكە لە ناوچە هەرە گرنگەكان و لە چوارچێوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمە، بە حوكمی نزیكیی باشیك لە مووسڵ و هەڵكەوتەی جیۆگرافیی دەڤەرەكە، هەبوونی چیای باشیك و زەرتك لە باكور و باشووری شارۆكەكە وای كردووە گرنگییەكی زۆری هەبێت و لەڕووی سەربازییەوە ناوچەیەكی ستراتیژییە، لەڕووی پێكهاتەوە ئێزیدی، كریستیان، شەبەك و هەموو ئاینە جیاوازەكانی عێراق شارۆكەی باشیكیان پێك هێناوە، شوێنێكی پڕ بایەخە. بۆیە لە دەستپێكدا بووە جێی سەرنجی تیرۆرستانی داعش و هێرشیان كردە سەر شارۆكەكە تا ئەو پێكەوەژیانەی ئاینە جیاوازەكان تێك بدەن، ئێستەیش شوێنەواری زۆری داعش بەسەر باشیكەوە دیارە و چەندان شوێنی پیرۆزی ئێزیدی و كریستیانەكانیان وێران كردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێم بە هاوئاهەنگی و هاوكاری خەڵكی باشیك خەریكی بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی باشیكن و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ گەڕاندنەوەی تەناهی بۆ دەڤەرەكە.
سەركەوتنی كردەوەگەلی ئازادكردنی باشیك بۆچی دەگێڕنەوە؟
خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بەرامبەر ئەو هەموو تەنگژانە، هاوكات فیداكاری پێشمەرگە و سەركەوتنە یەك لە دوا یەكەكان و هاوكاریی هاوپەیمانان، ئەمانە هۆی سەرەكی بوون كە ئیرادەی هێزی پێشمەرگە زۆر بەهێز بێت بۆ بەرگری لە كوردستان، هاوكات بۆ پێشڕەوی و پاككردنەوەی خاكی كوردستان. ئازادكردنی باشیك بە كۆمەڵێك زنجیرە كۆبوونەوە بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی و ئەو ئەزموونەی لە پێشتر لەگەڵ داعش هەمانبوو، وای كرد سەركەوتنێكی یەكجار گەورە لە كردەوەگەلی ئازادكردنی شارۆكەی باشیك بەدەست بێنین و رێژەیەكی زۆری تیرۆرستانی داعش لەو كردەوەگەلە كوژران، ئەوانی تریش بە دیل كەوتنە دەستی پێشمەرگە. بۆیە داعش لەو كردەوەگەلە دڵنیابوو توانای بەرگری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان نییە، لە كاتێكدا باشیك تەنیا 4كم لە مووسڵ و بەناو پایتەختی خەلافەتەكەیان دوورە، ئەگەری زۆر هەیە لە كاتی كردەوەگەلەكە بەغدادی و گەورە بەرپرسانی داعش ئامادە بووبن و لە پێش چاوی ئەوان تەواوی تیرۆرستانی داعش لە باشیك لەناو چوون، بۆیە ئەمە سەركەوتنێكی مەزن بوو.
رۆڵی لیوای 7ی سۆران لە شەڕی داعش چی بوو؟
لیوای 7ی پێڕۆ سەربە وەزارەتی پێشمەرگەیە و لە ساڵی 2011 دروست بووە، سێ‌ هەزار و 200 پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت، ئەركی سەربازی لە میحوەرەكانی پێشەوەی شەڕ بووە و ئێستە ئەركی سەربازییان لە میحوەری باشیك و شنگال پێ سپێردراوە، 50 شەهید و 250 بریندارمان لە شەڕی داعش هەبووە.
چەند لە خاكی كوردستان ماوە لە دەستی تیرۆرستانی داعش ئازاد بكرێ؟ 
بە گشتی 5%ی خاكی پیرۆزی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی یەكەی كارگێڕیی هەرێم ماوە ئازاد بكرێن، لە ماوەیەكی نزیك پلانمان هەیە ئەو شوێنانەی كە ماون ئازادیان بكەین.
ئەو خەڵكەی لە سنووری باشیك ئاوارە بوون، دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەگەر ناگەڕێنەوە هۆی چییە؟
بەردەوام خەڵكی باشیك و گوندەكانی ئەو دەڤەرە كە ساڵانی پێشتر ئاوارەی پارێزگاكانی كوردستان بووبوون، خەریكی گەڕانەوەن بۆ ئەو شوێنانەی پێشمەرگە ئازادی كردون، هۆی نەگەڕانەوەیان بۆ منداڵەكانیان دەگەڕێتەوە كە زۆربەی ماڵباتە ئاوارەكان منداڵەكانیان قوتابین و دەخوێنن، دوای مانگی حوزەیران بەشی هەرە زۆری ئاوارەكانی باشیك و دەوروبەری دەگەڕێنەوە.
ئەگەر شار و گوندەكانیان وێران بووبێت، ئاوارەكان چۆن و بۆ كوێ‌ دەگەڕێنەوە؟
حكوومەتی عێراق هیچ هاوكارییەكی ئاوارەكان ناكات لەڕووی دابینكردنی پێداویستییەكانی رۆژانە و خۆراك و بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری، هۆكارەكە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دەگەڕێتەوە، چونكە عێراق باش دەزانێت خەڵكی ئەو ناوچەیە لەگەڵ كوردستاندان بۆ هەر بڕیارێكی سیاسی، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵە بەردەوامەكانیدا هەموو هاوكارییەكانی پێشكەش بە ئاوارەكان كردووە لە دروستكردنی كەمپ و دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان و دابینكردنی تەناهی.
 
وەك فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ ئایندەی شنگال چۆن دەبینی؟
شنگال ناوچەیەكی كوردستانییە، دانیشتووان و خەڵكی شنگال لە بنەڕتدا كوردن و ئومێدی زۆرم هەیە بگەڕێنرێتەوە سەر كوردستان، خەڵكی شنگال بە تایبەت برا ئێزیدییەكان خۆیان بە بەشێك لە كوردستان دەزانن، ئەوان لە رێی ریفڕاندۆمەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانن بڕیاری خۆیان بدەن.
ئەو كێشە و ئاڵۆزییانەی لە شنگال هەبوون، چارەسەر كراون؟
بەداخەوە پەكەكە كێشەی سەرەكی بۆ ئێمە و خەڵكی شنگال دروست كردووە، بەهۆی پەكەكەوە ناتوانین رێكخراو و كۆمپانیا جیهانییەكان بێنین بۆ شنگال تا ئاوەدان بكرێتەوە و خزمەت بە خەڵكی دەڤەرەكە بكەین، چونكە تا پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال بوونی هەبێت، هیچ رێكخراوێكی بیانی و نێودەوڵەتی هاوكاری خەڵكی شنگال ناكەن، چونكە پەكەكە لە لیستی تیرۆرە. بۆیە پێویستە هەڤاڵانی پەكەكە بەخۆیاندا بچنەوە و بیر بكەنەوە كە شنگال شوێنی ئەوان نییە و چۆڵی بكەن، ئێمە رێز لە خەبات و هاوكارییان دەگرین.
بە بڕوای تۆ خەڵكی ئەو ناوچانە دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان دەدەن؟ 
هیچ گومانی تێدا نییە 100%ی هاووڵاتییانی دەرەوەی یەكەی كارگێڕیی هەرێم بە تایبەت سنووری میحوەری باشیك، بەشداری ریفڕاندۆم دەكەن و دەنگ بەسەربەخۆیی كوردستان دەدەن و تامەزرۆی هاتنی ئەو رۆژەن كە لە 25 ئەیلوولی ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت.
پێشمەرگە چ دڵنیایییەك بە خەڵكی ناوچە ئازادكراوەكان دەدات جارێكی تر ئاوارە نەبنەوە؟
ئێستە لە سنووری باشیك خەریكی دروستكردن و قایمكردنی ساترەكانین بە سەرپەرشتی  و ئاگاداری سەرۆك بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، تا جارێكی تر تیرۆرستانی داعش و هاوبیرانی نەتوانن بێنە ناو سنووری باشیك و ناوچە كوردستانییەكان و تەناهی و ئاسایش تێك بدەن، هەروەها لە هەوڵی پێڕەوكردنی میكانیزمێكداین بۆ دابینكردنی تەناهی و ئاسایش بۆ ئەو خەڵكەی دەگەڕێنەوە باشیك تا جارێكی تر ئاوارە نەبنەوە.
پێشمەرگە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە؟ 
هاوكاریمان هەیە لەگەڵ سوپای عێراق ئەویش بە رێككەوتنی نێوان سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی عێراق و بەسەرپەرشتی هاوپەیمانان كراوە، ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لەسەر دەستی پێشمەرگە ئازاد كراون و هاوكارییەكی باشی سوپای عێراقی كراوە، هاوكارییەكانی سوپای عێراق لەسەر ئامۆژگارییەكانی بارزانی وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكی هەرێم تا شەڕی داعشیش بەردەوام بێت.
هاوكاریی هاوپەیمانان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
لە سەرەتای شەڕی داعش تا ئێستەیش، هاوپەیمانان هاوكاریی تەواوی پێشمەرگەیان كردووە، لە رێی بۆردمانكردنی بنكە و بارەگاكانی داعش و هەروەها مەشق و راهێنان بەهێزی پێشمەرگە، هەرچەندە لە ئاستی تمووحی ئێمە نەبووە، بەڵام بەشێوەی گشتی هاوپەیمانان هاوكاریی باشی پێشمەرگەیان كردووە و كاریگەرییان هەبووە. 
پێشمەرگە شەڕی ماوە لەگەڵ داعش؟
سنوورێكی كەم ماوە لەگەڵ داعش، پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەك داعش یا هاوبیرانی بێت، داعش زۆری نەماوە لەڕووی سەربازییەوە بە یەكجاری بكەوێ، بەڵام پێدەچێ شێوازی شەڕكردن بگۆڕن و جۆرێكی تر بەكار بێنن، ئەویش دروستكردنی كاریگەری لەسەر خەڵك، بۆیە لەم رووەوە پێویستیمان بە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بڕینی سەرچاوە دارایییەكانیان و پتەوكردنی ناوچە سنوورییەكان و شەڕكردن لەگەڵ ئایدۆلۆژیای داعش. 
ئێوە فەرماندەیەكی پێشمەرگە و شارەزایەكی یاسایین، داهاتووی كوردستان چۆن دەبینن؟
داهاتووی كوردستان زۆر بە گەش دەبینم، خۆڕاگری خەڵكی كوردستان و فیداكاری هێزی پێشمەرگە وەك پارێزەرێك لە بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی لە هەموو دنیا ناوبانگی دەركردووە، ئەمەش وای كردووە زۆر زلهێزی دنیا پشتگیریی خۆیان بۆ كوردستان لە هەموو روویەكەوە دووپات بكەنەوە، راستە قوربانی زۆرمان لە شەڕی داعش داوە، بەڵام كوردستان بە دنیا ناسرا و ئێستە دیپلۆماسیی كوردستان زۆر پێشكەوتووە و وای كرد زۆر كۆمپانیای دنیا و نێودەوڵەتی روو لە كوردستان بكەن، زیاتر لە 30 كونسوڵگەری وڵاتانی دنیا لە كوردستان هەن، ئەمەش وا دەكات پشتگیریی كوردستان بكەن و لە نزیكەوە ئاگادار بن لە واقیعی كوردستان. ئەو پێكەوەژیانە جوانەی لە كوردستان هەیە بووەتە جێی سەرنجی وڵاتان، لە قوناغێكی مێژوویداین، هیوادارم خەڵكی كوردستان پشتگیریی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەن.
مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە ئارادایە؟ 
حەشدی شەعبی فكرەیەكی توندڕۆیی هەیە و چەندان خەڵكی سڤیل و بێتاوانی كوشتووە، ئەوەی جێی نیگەرانی ئێمەیە لە پەرلەمانی عێراق، ئەو هێزە توندڕۆ كە ماوەیەكی كەمە دامەزراوە، بە یاسایی كرا و زۆرینەی دەنگی پەرلەمانیان بەدەست هێنا، لە كاتێكدا پێشمەرگە تەنیا لە مێژووی عێراقی دوای سەدامدا 15 ساڵە خەبات دەكات و هێزێكی كاریگەریی خستنی سەدام بوو، تا ئێستە هاوكاریی دارایی و سەربازی لەلایەن بەغداوە بۆ دابین ناكرێت. 
حەشدی شەعبی مەترسییەكی زۆری هەیە بەتایبەت لە ناوچە رزگاركراوەكانی كوردستان كە لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە خوێنی پێشمەرگە ئازاد كراون، كێشە دروست دەكەن. تا ئێستە شەڕ دروست نەبووە، بەڵام بەردەوام حەشدی شەعبی شەڕمان پێ دەفرۆشێ، ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشیداین، ناهێڵین نزیكی خاكی كوردستان بكەونەوە و ئارامی كوردستان تێك بدەن.
وەزارەتی پێشمەرگە گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟
ئێستە خەریكی دروستكردنی هێزێكی پڕۆفیشناڵی نێودەوڵەتی و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی هەیكەلی وەزارەتین بەسەرپەرشتی ئەمەریكا، بەریتانیا، فڕەنسا و ئەڵمانیا، هێزەكانی 70 و 80 دێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و بە سیستەمێكی نوێ هەموویان رێك دەخرێن كە ئەگەری هەیە سەرەتای ساڵی نوێ بچێتە بواری جێبەجێكردن، هەروەها لە هێزی هاوپەیمانان راهێنانیان پێ دەكرێت و دواتر پڕچەك دەكرێن و ئاستی سەربازییان بەرز دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەك ئامادە بێت.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi