ئازار 29, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

بۆ سالا 2020ێ باشوورێ کوردستانێ دێ بتە دەولەتا سەربەخۆ

بۆ سالا 2020ێ باشوورێ کوردستانێ دێ بتە دەولەتا سەربەخۆ

باسنيۆز:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، لە فەراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “بۆ ساڵی٢٠٢٠ گەلی کورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ و لە بەغدا جیا دەبێتەوە. گوتیشی: “ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق بۆیان بکرێت، ستەمی زیاتر بەارمبەر گەلی کورد ئەنجام دەدەن، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنێت.

سالار مەحموود، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: “کاتی سەربەخۆیی کوردستان زۆری نەماوە، پێویستە ئێستا پارت و لایەنە سیاسییەکان ھەموو زەمینەسازییەکی باش بۆ ئەو پرسە نەتەوەییە بکەن، چونکە لەسەر ئاستی ئیدارەی گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پرسی سەربەخۆیی بەتەواوەتی پێگەیشتووە، بە جۆرێک لەڕووی زوڵمی مێژووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کاتی ئەوە ھاتووە قەرەبووی ئەو ھەموو گەلەکۆمەکێیە بکرێتەوە کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان کراوە، چونکە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەبێ دابینکردنی مافی گەلی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا دەرکەوت ئاسوودەیی بە خۆیەوە نابینێت، بۆیە پێویستە  لە ئێستاوە زەمینەسازیی بکرێت بۆ دامەزراندنی سەربەخۆیی کوردستان.

پەڕلەمانتارەکەی یەکێتیی ئاماژەی بەوەش کرد: “ساڵی ٢٠٢٠ بەرەو ١٠٠ ساڵەی پەیماننامەی سیڤەر دەڕۆین، ھەرچەندە بۆ یەکەمینجار لە مێژوودا بەپێی پەیماننامەی سیڤەر لەڕێگەی ماددەی (62, 63, 64) دەوڵەتێک بۆ کوردستان ھاتووەتە کایەوە، بەڵام ئەو پەیماننامەیە بە گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی گۆڕدرا بۆ لۆزان، ھەروەھا ئێمە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بەرەو سەد ساڵەی پەیماننامەی سیڤەر دەڕۆین، بۆیە پێویستە ئێمە ھەنگاوی جدی بنێین بۆ دروستکردن و بنیادنانی دەوڵەتی کوردستان، بێگومان ئەگەر ئێمە لە نێوان خۆماندا یەکڕیز بین، ئەوا بۆ یادی ١٠٠ ساڵەی پەیماننامەی سیڤەر ئێمە دەبینە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.”

گوتیشی: “ئەگەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، فشاری زیاتر بۆ سەر لایەنە سیاسییەکان بهێنن، بۆ ئەوەی لەنێو خۆیاندا یەکڕیز بن، یان ئیرادەیەکی ھاوبەشیان ھەبێت، بێگومان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بەبێ ھیچ گرفتێکی دەرەکی و ناوخۆیی بە ئاسانی دەتوانین دەوڵەتی خۆمان ڕابگەیەنین دواجار ئێمەس دەبین بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.”

ئاماژەی بەوەش کرد: “دوای ١٤ ساڵ حکومڕانیی ھاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێراقی دەرکەوتووە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق بۆیان بکرێت، ستەمی زیاتر لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، وەک چۆن ئێستا بە مافی ڕەوای نازانن کورد لە دامودەزگا فەرمییەکاندا ئاڵای کوردستان بشەکێتەوە، لەک اتێکدا کورد دەتوانێت کەرکوک لە مەترسی داعش بپارێزێت، ئەوە گەلی کوردە ناھێڵێت ئاڵای عێراق لە کەرکووک بکەوێت، بەڵام حکوومەتی عێراقی لە بەغدا کەمتەرخەمە بەرامبەر ماف و ئازادی و دەسکەوتە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، ئەوەشی لە دەستووردا چەسپیوە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزە و بەشێکی زۆری جێبەجێ نەبووە، بەتایبەتی ئەوە چەند ساڵێکە حکوومەتی عێراقی بوودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتێکی دەستووری پەیڕەو ناکەن بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم، ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە زمانێکی ھاوبەش و شەریکێکی ھاوبەش تەماشای میللەتی کورد ناکەن، بۆیە پێویستە کورد خۆی ئامادە بکات، بۆ ئەوەی بە ئاشتی لەگەڵ بەغدا جیا ببینەوە.

سالار مەحمود، باسی لەوەش کرد: “ھیچ کەس و لایەنێکی سیاسی دژی سەربەخۆیی کوردستان ناوەستێتەوە، چونکە ئەوە مێژووی گەلی کوردە ھەروەھا پرسی سەربەخۆیی کوردستان، پەیوەست نییە بە ھیچ لایەنێکی سیاسییەوە، چونکە پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان لە سەردەمی شێخ سەعیدی پیرانەوە ڕاگەیەندراوە و پایتەختەکەی ئاماد بووە، ھەروەھا لە سەردەمی قازی محەمەد سەربەخۆی کوردستان ڕاگەیەندراوە و پایتەختەکەی شاری مەھاباد بووە، لەسەر دەمی شێخ مەحموودی حەفید، سەربەخۆی کوردستان ڕاگەیەندراوە پایتەختەکەی شاری سلێمانی بووە، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی نەبووە، بۆیە شکستی ھێناوە، بەڵام ئێستا بارودۆدی کوردستان لەبارە لەوەش گرنگتر ئەوەیە گەلی کورد لەسەر ئاستی جیھان ناسراوە، لە باشووری کوردستان، حکوومەت و پەڕلەمانمان ھەیە، سیاسەت و ئابووریی سەربەخۆی خۆمان ھەیە جوگرافیای خۆمان ھەیە، خاوەنی ھێزێکی قارەمانی وەک ھێزی پێشمەرگەین، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە، ئیتر سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنین.”

 
 
 
 

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi