ئازار 29, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

پارتی: ب رزگارکرنا مووسل ل سەربەخۆیێ نێزیکتر دبین

پارتی: ب رزگارکرنا مووسل ل سەربەخۆیێ نێزیکتر دبین

باسنيۆز:a52540277eca479508f93d86a7759e24_l

ھاوکات لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی، رای دەگەیەنێ، ئێستا لە ھەموو کات نزیکترین لە راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان. شڕۆڤەکارێکی سیاسییش ئاماژە بەوە دەدا، ئەو ھاوئاھەنگییەی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروست بووە ئاماژەیە بۆ لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە دەرئەنجام سەربەخۆیی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە.

دوێنێ دووشەممە، قۆناخی یەکەمی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ دەستی پێکرد، لەم قۆناخەدا ھێزەکانی پێشمەرگە لەژێر سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، سوپای عێراقیش لەژێر فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جووڵەیان کرد، لەو پرۆسەیەدا پێشمەرگە ٨ گوندی بە پانتایی ٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە ئازاد کردەوە و سەرکەوتنی قۆناغەکەی راگەیاند.

بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەرەی خازر رای گەیاند، ئەوە یەکەمین جارە سوپای عێراق و پێشمەرگە پێکەوە دژی دوژمنێک شەڕ دەکەن، بەشدارن و جەختیشی لە بەردەوامیی ئەو ھاوئاھەنگییە کردەوە.

بارزانی گوتیشی: “ئەمە یەکەم جارە خوێنی پێشمەرگە و سەربازی عێراقی لە شەڕێکی وادا تێکەڵ دەبن، کە دژی تیرۆریستانی داعشە، ئومێدمان وایە ئەمە ببێتە بناغەیەکی بنەڕەتی بۆ پەیوەندیی ئاییندەمان لەگەڵ بەغدا”.

ھاوکات راشی گەیاند، دوای ئۆپەراسیۆنەکە دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان وەکو خۆی دەمێنێتەوە و شەبەک و ئێزدییەکان و کرستیانەکان و کاکەییەکان دەگەڕێنەوە.

پێوەند بەم پرسە، کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ھاوکات بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە، لە دیمانەیەکی تایبەت بە (باس)، کە لەم ژمارەیەدا بڵاو کراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پارتی و بارزانی بە ھیچ شێوەیەک و بەرامبەر بە ھیچ شتێک دەستبەرداری سەربەخۆیی کوردستان نابن، بەڵکو ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر نزیکتر بووینەتەوە لە سەربەخۆیی و ئەوە مافێکی رەوای خەڵکی کوردستانە.

ئەو لێدوانەی کەرکووکی دوای ئەوە دێت، ھەندێک لە شڕۆڤەکارانی سیاسی دوای سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا و ئەو ھاوئاھەنگییەی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بەوە بەستەوە کە سەرکردایەتیی کورد و پارتی لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان پاشەکشەیان کردووە.

ئەبوبەکر عەلی کاروانی، شڕۆڤەکاری سیاسی و سەرکردەی دیار لە یەکگرتووی ئیسلامی، کە پێشتر ئەندامی بزەەتنەوەی ریفراندۆم بووە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند: “بوونی ھاوئاھەنگی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لەگەڵ سەردانەکەی پێشووی سەرکردایەتیی کورد بۆ بەغدا، ئاماژە نین بۆ پاشەکشە، بەڵکو ئاماژەن بە بیرکردنەوەیەکی نوێ بۆ چۆنیەتیی ھەنگاونان بەرەو بەدیھێنانی سەربەخۆیی کوردستان، بە گرنگ زانینی بەغداش لەو چوارچێوەیەدایە”.

ئەو شڕۆڤەکارە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەگەر کوردستان بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە لەگەڵ عێراق ببێت بە دەوڵەت، ئەوا کوردستان و عێراق زۆر زیاتر لە ئێستا خێر لە یەکتری دەبینن، گوتیشی: “ئەو کێشانەی ئێستا ھەیانە لەگەڵ یەک نایانمێنێت و ئازادانەتر دەتوانن وەکو دوو دەوڵەتی دراوسێ ھاوکاریی یەکتری بکەن، کە بەرژەوەندیی ھاوبەش لەنێوانیاندا ھەیە”.

پێوەند بە ھەمان تەوەر، عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، روونی کردەوە: ”پارتی ھەنگاوەکانی خێراتر کردووە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بە ھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو مافەی گەلی کوردستان نابێت، ئەو ھاوکاری و ھەماھەنگییەی بۆ گرتنەوەی مووسڵ دەیکات، بەشێکە لەو گۆڕانکارییانەی کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە دەبینێ و لەو چوارچێوەیەدا ھەندێ وڵات کە فەشەلیان ھێناوە ھەڵدەوەشێنەوە و کوردیش وەکو ھەر نەتەوەیەکی دیکە مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت”.

گوتییشی “پارتی و بارزانی بۆ باشووری کوردستان دەوڵەتی نەتەوەییان دەوێت و لەم قۆناغە کەمترین رازیبوونیان دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە، ئاساییە ئەو دەوڵەتەش لە ئێستا لە سیستەمێکی کۆنفیدڕاڵیدا لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi